AGR Departments‎ > ‎

Agribusiness and Rural Development/Kurdish

    ARD ستافی بەشی
Agribusiness and Rural Development/Kurdish
 
   




بەشی  کارگێڕی کاری کشتوکاڵی و گەشەپێدانی ناوچەی گوندنشین ARD:


 بەشی ARD بەشێوەیەکی گشتی بایەخ دەدات بە توێژینەوە و فێرکردن لە بوارەکانی کارگێڕی کاری کشتوکاڵی، ئابوری کشتوکاڵ، بە بازارکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی، ڕێنمایی کشتوکاڵی، و گەشەپێدانی ناوچەی گوندنشین،کۆمەڵگەی گوندنشین، ڕامیاری (سیاسەت) کشتوکاڵی،  بەرهەمهێنانی خۆراک ، سەرچاوە سروشتییەکان، ژینگە.

سەرەتا بەشی ARD لەساڵی ٢٠١٢ دامەزراوە لەژێر ناوی (بەشی ڕێنمایی کشتوکاڵی)، بەڵام خوێندنی کارگێڕی کاری کشتوکاڵی و گەشەپێدانی ناوچەی گوندنشین وەک بۆچوون و ڕێبازێکی نوێ لە هەرێمی کوردستاندا بووە بە پێویستیەکی گرنگی خەڵک و بازاڕ شان بە شانی بوارەکانی ئابوری کشتوکاڵ و ڕێنمایی کشتوکاڵی ئەمەش لە ئەنجامی ئازادبوونی بازاڕی نێودەوڵەتی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و دەستپێکی خۆبەڕێوەبەری هەرێمی کوردستان. ئەمانە پاڵنەرێکی بەهێز بوون بۆ فراوانترکردنی بەشی ڕێنمایی و گۆڕینی لە ساڵی ٢٠١٥دا  بۆ (بەشی کارگێڕی کاری کشتوکاڵی و گەشەپێدانی ناوچەی گوندنشین ARD )، لە پێناو ئامادەکرنی کادری لێهاتوو و ئەنجامدانی توێژینەوەی فراوانترو هەمەچەشن   بۆ مەبەستی بونیادنان و برەودان بە کەرتی کشتوکاڵی لە ڕووی بەڕێوەبردن و بازرگانی و بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانی بەشێوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. 


بەشی ARD دەرگاکان دەکاتەوە لەبەردەم  خواست و چالاكى یە جۆربەجۆرەکانی فێرخوازان لە زانستی کشتوکاڵدا، وە  ڕەخساندنی هەلی زیاتری  خوێندن و توێژينەوە لە بواری نوێ و هەمەچشن و جیاوازدا كە زۆر گرنگن وەک بوارەکانی؛  کارگێڕی کاری کشتوکاڵى هاوچەرخ و گرفتى ئابوری کۆمەڵایەتی ناوچە گوندنشینەکان و بوارە جیاوازەکانی تری وەک بەرهەمهێنانى خۆراك ، سەرچاوەى سروشتى، ژینگە، كۆمەڵايەتى و ڕامیاری و هاوسەنگی نێوان لادێ و گەشەسەندنی شار...هتد.

 ئامانجی ئەم بەشە بریتی یە لە بەگەڕخستنی هەموو هەوڵەکان بۆ دابینکردنی شیکاری ئابوری کشتوکاڵی بابەتییانە، و باشترین شێوازی بەڕێوەبردن و ڕێنمایکاری بۆ پشتیوانی لە دروستکرنی بڕیاری ژیرانە لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان و کارگێڕی کار و ڕامیاری گشتی و باشترين خزمەتگوزارىیە کشتوکاڵییەکان بۆ خەڵكى كوردستان لە ڕێی پێگەیاندنی تاکی ئەکادیمی و توێژینەوەی بەردەوامەوە.

ستافی مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەشەکەمان بەجوانترین شێوە و لەنزيكەوە واتە هاوڕێیانە کاری فێرکردن و پێدانی ڕێنمایی پێویست بۆ خوێندکاران   ئەنجام دەدەن، بە بەرنامە یەکی داڕێژراوی تۆکمە و کوالیتی یەکی بەرز لە لایەن کەسانی لێهاتوو و ئەکادیمی و شارەزاوە،  بۆ خوێندکارانی بەکالۆریۆس و خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) ستافی بەشەکەمان  هەموو هەوڵێکی خۆیان خستۆتە گەڕ ، لە پێناو دابینکردنی کەشێکی لەبار و گونجاو کە  تا بتوانرێ لەگەڵ خواست و پێداویستییەکانی خوێندکاراندا بگونجێت. 


ستافی توێژەرانی بەشەکەمان کاری توێژينەوەی بەردەوام ئەنجام دەدەن لە بوارە كردارىیە جیاوازەکاندا ، وەک لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەر:

- دیاریکردنی  ڕۆڵى كشتوكاڵ لە ئابووريى كوردستان دا

-  كاريگەريى گۆڕانکاری لە سياسەتى بازرگانى كشتوكاڵى نێودەوڵەتى دا لەسەر هەرێمی کوردستان

-  سياسەتى جێگرەوە بۆجێگيرکردنی داهاتى خێزانی جوتیاران

- وەبەرهێنان بۆ برەودان بە گەشەی ئابوورى ناوچە گوندنشینەکانی هەرێمى كوردستاندا.

- هتد...


لەم بەشەدا خوێندکار پاش بڕینی چوار قۆناغی خوێندن (٤ ساڵ) بە سەرکەوتویی، بڕوانامەی باکالۆریۆسی پێدەدرێت لە (کارگێڕی کاری کشتوکاڵی و گەشەپێدانی ناوچەی گوندنشین) دا.

 وە هەروەها ئەم بەشە پرۆگرامی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) پێشکەش دەکات لە بوارەکانی:

کارگێڕی کاری کشتوکاڵی

- ئابوری کشتوکاڵ

- ڕێنمایی کشتوکاڵی

- گەشەپێدانی ناوچەی گوندنشین

- بواری تر...


ئامانجی سەرەکییمان ئامادەکردن و گۆشکردنی خوێندکارە بە زانست و زانیارییەکی فراوان لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵایەتی و کارگێڕی و ئابوری و ڕامیاری و  زانستی کشتوکاڵی بۆ پێگەیاندنی کادیری لێهاتوو و سەربەخۆ و بە توانا کە توانای بێرکردنەوەی فراوان و پشت بەخۆ بەستن و کارکردن لەگەڵ گروپ و چارەسەری کێشەی هەبێت و هەست بە لێپرسراوی بکات. وە ئامادەکردنیان وەک دەستی کاری پێویست  بۆ پيشەى ئايندەيان لە دەزگا و فەرمانگاکانی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی و رێکخراو و کاری سەربەخۆ لە بوارەکانی: کارگێڕی کاری کشتوکاڵی (بزنسمان)، وبەڕێوەبردن، ڕاوێژکاری، ڕێنماییکاری، شیکاری داتا و زانیاری کشتوکاڵی، ئابوری کشتوکاڵی، سەرپەرشتیاری کشتوکاڵی، نەخشە و پلاندانەر بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵ و ناوچەی گوندنشین.