بۆ خوێندکارانی دەرچووی ١٢ی زانستی ئاگاداری خوێندکارانی دەرچوی قۆناغی ١٢ی زانستی خۆشەویست دەکەین کە بەشەکەمان بۆ ئەمساڵی خوێندن بەم مەرجانەی لای خوارەوە خوێندکار وەردەگرێت: * شێوازی پێشکەشکردن و مەرجەکانی وەرگرتن: - کۆدی بەشی کارگێڕی کاری کشتوکاڵی و گەشەپێدانی ناوچەی گوندنشین : 484 - سیستەمی وەرگرتنی ئەمساڵ وەرگرتنی ڕاستەوخۆیە بە سیستەمی کریدت. - کەمترین کۆنمرە بۆ وەرگرتنی ڕاستەوخۆی سیستەمی کریدت: ٦٥% - لە سیستەمی کریدتدا وانە پەیوەندیدارەکان بە بەشی ARD لە بری تاقیکردنەوە و چاوپێکەوتن هەژماردەکرێت بەم شێوەیە: کۆنمرەی خوێندکار (٧٠%) + وانەی ئینگلیزی (٥%) + وانەی بایۆلۆجی (١٥%) + وانەی کیمیا (٥%) + وانەی فیزیا (٥%) = (١٠٠%) کۆی گشتی * خوێندکاری دەچوو بە پلەی یەکەم لە قۆناغی یەکەمی ئەم بەشەوە دەتوانێت بچێت بۆ کۆلێجی کارگێری و ئابوری. * دەربارەی بەش: بەشی کارگێڕی کاری کشتوکاڵی و گەشەپێدانی ناوچەی گوندنشین بەشێکە لە بەشەکانی کۆلیجی زانستە کشتوکاڵییەکان، خەسڵەت و تایبەتمەندی ئەم بەشە لەوەدایە کە مامەڵەدەکات لەگەڵ بنەماکانی کارگێڕی و بەڕیوەبردن و بەبازاڕکردن و دارایی بەرهەمە کشتوکاڵییەکاندا بە بەرهەمی خۆراکی و ڕێشاڵییەکانەوە (لە کێڵگەکانەوە تا دەگاتە سەرسفرەکانمان). هەروەها شارەزاکردنی خوێندکار بە یاسا و سیاسەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کشتوکاڵی بنەماکانی گەشەپێدانی بەردەوامی کشتوکاڵ و ناوچە گوندنشینەکان. خوێندکار لەم بەشەدا بنەماکانی زانستە کشتوکاڵییەکان و ئابوری و کارگێڕی کار و ئامار دەخوێنیت بۆ ئەوەی بە باشی ئامادەبکرێن بۆ کارکردن لە بوارەکانی کارگێڕی کاری کشتوکاڵی و بەڕێوەبردنی سەرچاوەسروشتییەکان و بەڕێوەبردنی کار و باری دارایی وژمێریاری کێڵگە کشتوکاڵییەکان و پلاندانەر و شیکاری سیاسەتی کشتوکاڵی و ڕاوێژکاری کشتوکاڵی لە کەرتی حکومی یان تایبەتدا. ئەم بەشە دیزاین کراوە بۆ ئامادەکردنی خوێندکار بۆ کارکردن لە بوارە جیاوازەکانی وەک کارگێڕی کار، دارایی، بەبازاڕکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، داڕێژەری سیاسەتی کشتوکاڵی، بەڕێوەبردنی کێڵگە کشتوکاڵییەکان، ئابوری سەرچاوە سروشتییەکان، گەشەپێدانی ناوچەی گوندنشین، بانکی کشتوکاڵی، خەمڵاندن. لە پێناو دابینکردنی کەشێکی لەبار و گونجاو کە لەگەڵ خواست و پێداویستییەکانی خوێندکاراندا بگونجێت، ستافی مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەشەکەمان بە مامەڵەیەکی هاوڕێیانەوە کاری فێرکردن و ڕێنمایکردنی خوێندکاران ئەنجام دەدەن. وە بە بەرنامە یەکی داڕێژراوی تۆکمە و کوالیتی یەکی بەرز لە لایەن کەسانی لێهاتوو و ئەکادیمی و شارەزاوە خوێندکاران گۆشدەکەن بە زانست و زانیاری پێویست بۆ خوێندکاران. * لەم بەشەدا چی فێردەبیت؟ بە خوێندن لە بەشی کارگێڕی کاری کشتوکاڵی و گەشەپێدانی ناوچەی گوندنشین، تۆی خوێندکار فێردەبێت کە بنەماکانی کارگێڕی کار و بنەماکانی ئابوری جێ بەجێ بکەیت لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و بە بازاڕکردنی خواردن و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی تردا ، وە هەروەها لە شێوازی بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکاندا. بەشی کارگێڕی کاری کشتوکاڵی و گەشەپێدانی ناوچەی گوندنشین بە چڕو پڕی بایەخدەدات بە ئابوری کشتوکاڵ و بەبازاڕکردنی کشتوکاڵی و بەڕێوەبردنی کێڵگەی کشتوکاڵی و دارایی کشتوکاڵی و بازرگانی کشتوکاڵی نێودەوڵەتی. لێرە فێری ئەو بنەمایانە دەبیت کە پەیوەستە بە باشترین شێوەی بە کرداریکردنی بواری گەشەپێدانی بەرهەم و زیاد کردنی قازانج و پلاندانان بۆ وەبەرهێنان لە بواری کشتوکاڵیدا. وە کەسایەتیت بنیاد دەنێیت لەڕوی چارەسەرکرنی کێشە Problem Solving ، خاوەنی خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە و نوسینی ڕەخنەگرانە،، دەستپێشخەرکاری، کاری بە کۆمەڵ Team work، بە توانا لە ئاخاوتن و نوسین و شیکاریدا. تۆی خوێندکار ئاشنا دەبێت بە ئامرازەکانی ژمیریاری وەک بالانس شیتBalance Sheet و لیستی داهات Income Statement وە هەوەها ئاشنا دەبێت بە بەکارهێنانی ڕێگەکانی ئامارکاری و ڕێگەکانی ژمێریاری و بەرنامەی کۆمپێتەریی پێویست بەو بوارە. دەتوانیت لە داهاتودا وەک ژمێریارێکی سەرکەوتوو کار بکەیت. دەرفەتی کارکردن لە داهاتوودا: - کارگێڕی کاری کشتوکاڵی لە کەرتی تایبەت (کۆمپانیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی) و کەرتی حکومیدا. - ڕاوێژکاری کشتوکاڵی - ڕێنمایکاری کشتوکاڵی - سەرپەرشتیاری و بەڕێوەبردنی کێڵگەی کشتوکاڵی - کاری ئۆفیسی بانک و قەرز - کاری ژمێریاری و شیکاری دارایی کشتوکاڵی - کاری فرۆشیاری و بە بازاڕکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان - کاری بازرگانی بەرهەمی کشتوکاڵی - خاوەنکار وەبەرهێنەر لە بواری کشتوکاڵیدا. - کاری ڕێکخراوی ناحکومی کشتوکاڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی |