News and Events‎ > ‎

زانكۆی سلێمانی بە توێژینەوە زانستییەكانی كەرتی كشتوكاڵ پێشدەخات

posted Jun 18, 2017, 11:41 AM by Kamaran Rasul   [ updated Jun 18, 2017, 11:56 AM ]
زانكۆی سلێمانی بە توێژینەوە زانستییەكانی كەرتی كشتوكاڵ پێشدەخات
بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان دا ، بە چاودێری پڕفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر ڕەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی ، فاكەڵتی زانستەكشتوكاڵییەكانی زانكۆی سلێمانی و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیای كۆسار بۆ كشتوكاڵ و پڕۆژەی پەلەوەری لێكتێگەیشتنامەیەكی هاوبەشیان ئيمزاكرد.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ2017/6/18 پڕفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر ڕەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بە ئامادەبوونی دكتۆر كارزان تۆفیق ڕاگری کۆلێجی زانستەكشتوكاڵییەكان پێشوازی لە دكتۆر موحسین محەمەد ئەمین بەڕێوبەری كۆمپانیای كۆسار بۆ كشتوكاڵ و پڕۆژەی پەلەوەری سنوردار لە هەولێر و دكتۆر ئەنوەر ئەحمەد ئیبراهیم لە بەرێوەبەرایەتی گشتی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد.
لەو دیدارەدا سەرۆكی زانكۆی سلێمانی پاش بەخێرهاتنی وەفدەكە باسی لە گرنگی پرۆژەی لەو شێوەیە كرد و بە تایبەتی پەیوەندی و هەمەهانگی نێوان دامەزراوە زانستی و ئەكادیمییەكان و كەرتی تایبەت ، وە پشتگیری و هاوكاری زانكۆكان بۆ كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لە رێگەی توژێژینەوە زانستییەكانەوە بۆ دۆزینەوە و چارەسەركردنی ئەو كێشە و گرفتانەی ڕووبەڕووی كەرتە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دەبن. دكتۆر ڕەزا حەسەن ئامادەیی زانكۆی سلێمانیشی دەربڕی بۆ زیاتر هاوكاریكردنی كەرتی تایبەت بە توژێینەوە زانستییەكان و تەرخانكردنی پسپۆری تایبەت لە خوێندنی باڵا دا، لە هەمان كاتدا سوپاسی وەزارەتی كشتوكاڵ و کۆلێجی زانستە كشتوكاڵییەكانی زانكۆی سلێمانیشی كرد بۆ ئیمزاكردنی ئەم جۆرە لێكتێگەیشتننامانە كە دەبێتە هۆی گەشەپێدان و بەرەو پێشبردنی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان دا.
لە بەشێكی تری ووتەكەی دا سەرۆكی زانكۆی سلێمانی ئاماژەی بە بایەخی ئەم پرۆژە هاوبەشەی نێوان زانكۆی سلێمانی و كۆمپانیای ناوبراو كرد كە زانكۆی سلێمانی لە رێگەی توێژینەوەكانی لە بواری زانستەكشتوكاڵیەكان دا هاوكاری كۆمپانیاكە دەكات بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر لە بواری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری، هیواشی خواست كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت زیاتر سوود لە توێژینەوە زانستییەكان و پڕاكتیزاكردنیان لە بوارە جیاوازەكاندا وەربگرن و داواشی لێكردن كە بەردەوام بن لەجێ‌ بەجێ‌ كردنی پڕۆژەی لەم شێوەیە.
لە بەرامبەردا دكتۆر موحسین محەمەد ئەمین بەڕێوبەری كۆمپانیای كۆسار بۆ كشتوكاڵ و پڕۆژەی پەلەوەری پشتگیری و سوپاسی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی كرد  بۆ  هاوكاری و هەماهەنگیكردنیان لەگەڵ كەرتی تایبەت ووتی: بوونی وەزارەتی كشتوكاڵ لە پرۆژەكەدا گرنگییەكی تایبەتی هەیە بەمەبەستی زیاتر هاوكاریكردن و گەشەپێدان بەركەرتی كشتوكاڵ، هەر لە كۆبونەوەكەدا دكتۆر ئەنوەر ئیبراهیم لە وەزارەتی كشتوكاڵ لە حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیری تەواوی بۆ پڕۆژەكە دەربڕی و هیوای خواست كە بتوانرێت خزمەتێكی باش بە بوارەكە بگەیەنرێت.
دوابەدوای كۆبونەوەكە و لە ژێر چاودێری پرۆفیسوری یاریدەدەر دكتۆر ڕەزا حەسەن  لێكتێگەیشتننامەی هاوبەش لە نێوان کۆلێجی زانستەكشتوكاڵییەكانی زانكۆی سلێمانی لەرێگەی دكتۆر كارزان تۆفیق ڕاگری کۆلێجی زانستەكشتوكاڵییەكان و كۆمپانیای كۆسار بۆ كشتوكاڵ و پڕۆژەی پەلەوەری و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو واژووكرا كە ئامانج لێی بۆ زیاتر هاندان و گەشەپێدانە بە توێژینەوەی زانستی  و سود وەرگرتن لێی، و لەهەمانكاتدا هاندانێكیشە بۆ كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت كە لە بواری كشتوكاڵیدا كاردەكەن.



  


  


Comments